Psalms 24

زەبوورێکی داود.

1زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە،
جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
2چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و
لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.

3کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟
کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
4ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت،
ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و
بە درۆ سوێند نەخوات.

5لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت،
لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
6ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت،
ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.
لە دەقی عیبری لێرە و لە ئایەتی 10، وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏


7ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە،
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
8ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە،
یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
9ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە!
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
10ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.
Copyright information for CkbKSS